چیرۆک

گەڕەکی پشیلەبازەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەیر ئەوەیە پشیلەکان هەر کامەیان قەلەمڕەوێکیان لە حەوشەکەدا هەیە. ئەمە بەرەبەرە چێ بووە. بەدەر لە خواستی ئەو. وە خێرایش ملی دایە. رەشەکە سووچێک، سپییەکە سووچێک، خۆڵەمێشییەکە سووچێک و سەرئەنجام بەڵەکەکە سووچی خۆی. قەڵەمڕەو ئاوا دروست بووە،... بە هۆی مانەوە و بە هۆی عادەت. 

 

 

گەڕەکی پشیلەبازەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەر کە وازی لە سیاسەت هێنا، چوار پشیلەی کڕی. یەکی سپی، یەکی رەش، خۆڵەمێشییەک و یەکی بەڵەکیش. بوو بە پشیلەباز. پشیلەکانی لە ژوورەوە لای خۆی راگرت. بۆ هەر کامێکیان سەبەتەیەکی دانا. بە دۆشەکۆکەیەکیش لە ناویاندا، جاموڵکەیەک ئاو و چەند دەفریش بۆ خواردن لە تەنیشتیاندا.

کاتێک لەخەو هەڵدەستێ تا سەعاتی دە خواردن و ئاو بە پشیلەکان دەدا، بۆخۆی ناشتا دەکا و پاشان لەناو ماڵەکەدا دەکەوێتە سەیری کایەکردنیان. ئەوسا رێک سەعاتی دە، دەرگا دەکاتەوە و لەگەڵ خۆی دەیانباتە دەرەوە. لەناو حەوشەکە لەسەر کورسییە ئاسنینە کۆن و ژەنگهەڵێناوەکەی دادەنیشێ و، لێیان رادەمێنێ. پشیلەکان سەرقاڵی مڵ و مۆ و لاساییکردنەوەی سەردەمی زووی رەگەزی خۆیان دەبن،... راو. وادەنوێنێ هەر فڕکەی چۆلەکەیەک لەناو ئاسمانی باغەکە، دڵیان دادەخورپێنێ و سەرنجیان رادەکێشێ. دووا نیوەڕۆیانیش ئیتر لێیان دەگەڕێ. هەر ئەوەندەی، دەرگاکەیان بە ئاوەڵایی بۆ جێ دێڵێ و ئیتر بۆ خۆی خەونووچکە دەیباتەوە. کە ئێوارەیش دادێ، بەرەبەرە کۆیان دەکاتەوە. پشیلەکان دێنەوە، ئەگەرچی هەرکامە و لە گۆشەیەکی حەوشە و باغەکەوە سەروسەکوتیان پەیدا دەبێتەوە.

کە دێنەوە، سمێڵیان بۆنی مشک، گیا، خاک و خۆڵ و 'با' دەدا.

ئەو پێی وایە پشیلە باشترین جێگرەوەی سیاسەتە. دەڵێ:

ـ "گەر چوارپەلی پشیلەیەک بە دەست بگری و بە پشت لە خانوویەکی حەوت تەبەقەوە فڕێی دەیتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگاتە زەوی، خێرا خۆی بادەداتەوە و دەچێتەوە سەر چنگ،... ئەوان قەت ناهێڵین پشتیان لەعەرزکەوێ،... وەک سیاسییەکان!"

بەڵام راستییەکەی ئەوەیە پشتی سیاسییەکان جاروبار لە عەرزدەدرێ.

دەڵێ:

ـ "ئەوە تۆ پێت وایە پشتیان لەعەرزدەدرێ، بۆخۆیان قەت پێیان وانیە،... قەت قەت!"

واپێدەچێ لەسەردەمی پۆستمۆدێرنیزمدا کە سەردەمی بەسەرچوونی زاڵبوونی یەک شێوە لە راستییە، ئەم قسەی ئەو راست بێ. بەڵام هەر ئەمە نیە.

دەڵێ:

ـ "گەر ئیزنی قسەکردنیان بدەیتێ، ئەوە حەتمەن بۆت ئیسپاتدەکەن کە ئەوە پشتی ئەوان نیە لەعەرز کەوتووە، بەڵکو زەوی هەڵگەڕاوەتەوە و لەسەرەوە دابەزیوەتە سەر پشتیان! وە دەبێ ئیزنی قسەکردنیشیان پێبدەی، چونکە سەردەم سەردەمی دیموکراسییە،... ئەگەر نەهێڵی قسەبکەن ئەوا تۆ دۆڕاندووتە، چونکە زوڵمت کردووە و لە زوڵمیشدا زاڵمە لە راستیدا دۆڕاوە. ئیتر فەرق ناکا کێ زاڵمە و چۆن زاڵمە."

من لای خۆم کە بیری لێدەکەمەوە، پێم وایە لە هەندێ شتا حەق بەوە. تەنانەت لای خۆم پێموایە سمێڵی سیاسییەکان وەک سمێڵی پشیلە بۆنی مشکیش دەدا، ئا، تەنیا مشک، نەک بۆنی گیا و خاک و 'با'.

ئەو ناهێڵی پشیلەکان لە حەوشەکەی دەرچن. هەربۆیە بۆ ئەوەی دەرحەق بەوان زوڵمی نەکردبێ، حەوشەیەکی گەورەی بۆ سازکردوون بەو باغ و چیمەن و خاک و خۆڵەوە کە بۆ چوار پشیلە تەواون. بەدەوری حەوشەکەدا دیواری بەرز و لووسیشی سازکردووە، تەنیا بە دوو دەرگاوە (یەک لە پێش و یەک لە پاش) کە هەمیشە داخراون. بەڵام سەیر ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی پشیلەکان لەمێژە دەزانن رێگای دەربازبوونیان نیە، کەچی هەموو جارێک کاتێک دێنە حەوشەکە، دیوارەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان جارێکی تر تاقی دەکەنەوە. جا یان لە بنیا رادەوەستن و سەیری بەرزاییەکەی دەکەن، یان لە بنەوەی بەشوێن کونێکی کتوپڕیدا دەگەڕێن، یان لە فکری قەڵەمبازێکدان (لە خەیاڵی خۆیاندا پێیان وایە دەتوانن بە سەریا بپەڕن.)

ئەگەرچی وەک سیاسییەکان قەت نەپەڕینەوە.

هەڵبەت پێش ئەوەی بیانکڕێ، لە رەگەزیشیان تێفکری. پشیلەکان وەک سیاسییەکان هەر هەموویان نێرن. نەیشی خەساندوون. ئەوان کە لەبەر بێ مێی تەواو بێ تاقەت و وەڕەزن، جاری وایە هەر کامەیان لە سووچێکی حەوشەکە وەک گورگ دەکەونە لوورە لوور و دەنگیان هەموو گەڕەک دەهاژێنێ. دراوسێکان دەڵێن:

ـ "دیسان پشیلەکان بەبابوونەوە!"

ئەو کە پێی سەیرە بۆچی دراوسێکانی نازانن ئەوە دێڵە بەبادەبێ نەک نێرینە، لە لای، یەکێک لە دەنگ و ئاوازە خۆش و سەرنجڕاکێشەکانی دونیا، زریکەی هەوەسبازانەی پشیلەکانیەتی. ئەگەرچی پێی وایە کە نەبوونی مێینە قەت بە پیچەوانەی پیاوە سیاسییەکان نابێتە هۆی بەسەریەکا پسانیان (ئەوەیکە ببنە نێرباز)، بەڵام شتێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ کە سەرئەنجام رۆژێک لە رۆژەکان ئەمە روودەدات. ئاخر پیاوە سیاسییەکانیش کاتی خۆی پێیان وانەبوو شتی وایان لێ رووبدات، کەچی روویدا! بۆیە ئەو گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە کە دەستێکی بەهێزتر لە هەموو شتێ لە دەرەوەی مرۆڤ و دونیا هەیە و ئەوە ئەوە سەرئەنجام بڕیاردەدا و رێگاکان دیاری دەکا.

حوسنێکی باشی باغەکە ئەوەیە قەت مشکی لێنابڕێ. پشیلەکان لەم بارەیەوە خەنین. بگرە یەکێک لە دیمەنە خۆشەکان، سەیرکردنی پشیلەکانە لەکاتی راوی مشکدا، کاتی یاریی سیحراوییان لەگەڵ ئەو کەلە بچوکانە. ئەو قەت لە سەیرکردنی وەها دیمەنێک تێرنابێ. ئەم عادەتەی لە سەردەمی سیاسەت بازییەوە بۆی ماوەتەوە. بێچارە مشکەکان کە پێیان وایە گەمەی پشیلەکان سەرئەنجام بەمانای دەربازبوونیانە لە چنگاڵی مەرگ. ئەو بەقەدەر مشک بازیی پشیلەکان، چێژ لە پشیلەبازیی خۆی دێنێ.  

سەیر ئەوەیە پشیلەکان هەر کامەیان قەلەمڕەوێکیان لە حەوشەکەدا هەیە. ئەمە بەرەبەرە چێ بووە. بەدەر لە خواستی ئەو. وە خێرایش ملی دایە. رەشەکە سووچێک، سپییەکە سووچێک، خۆڵەمێشییەکە سووچێک و سەرئەنجام بەڵەکەکە سووچی خۆی. قەڵەمڕەو ئاوا دروست بووە،... بە هۆی مانەوە و بە هۆی عادەت. ئیستا ئیتر هەر کامەو لە مەملەکەتی خۆی دادەنیشێ، کە ئەو ناوی ناون هەرێمی رەش، هەرێمی سپی، هەرێمی خۆڵەمێشی و هەرێمی بەڵەک. وەک کۆنە سیاسییەکی زیرەک لە هەمووشیان زیاتر هەرێمی بەڵەک و هەرێمی خۆڵەمێشی خۆش دەوێ. ئەوانی پتر لا پەسندە. سەیر ئەوەیە کە ئەم دوو پشیلەیەیش زیاتر لە دووانەکەی تر دەستکەوتیان هەیە. رۆژ نیە چەندین مشک راونەکەن. بە تێپەڕینی زەمەنیش، گۆشەیەکی حەوشەکە سپی هەڵگەڕا و گۆشەکانی تر رەش و خۆڵەمێشی و بەڵەک. ئیتر کاتێک پشیلەکان تیای دادەنیشتن، نەدەبینران. راو هەتا دەهات ئاسان وئاسانتر دەبووەوە بۆیان.

هەموو شتێ باش دەڕۆیشتە پێشەوە، هەتا رۆژێکیان مشک قڕیان تێکەوت و بگرە یەک دانەیش چییە دەست نەکەوت. ئەو سەرەتا سەرنجی نەدایە ئەم پێشهاتە، بەڵام پاش ئەوەی ئێوارەیان پشیلەکان بەچاوی پڕ لە پرسیارەوە روویان لە ژوورەوە دەکردەوە، لەمە گەیشت. پێی سەیر بوو. باشە چۆن دەبێ لە حەوشەیەکی وەها گەورەدا مشک قڕیان تێبکەوێ و یەک دانە چییە دەست نەکەوێ؟ ئەو کە لە تەواوی تەمەنی سیاسەت بازییەکەیدا پەکی نەکەوتبوو، ئەمەی بە نیشانەیەکی باش لێکنەدایەوە. بۆیە دەبا هەرچی زووتر بەر بەم کارەساتە بگرێ. رۆژیک پاژنەی پێڵاوی لێهەڵکێشا و رووی لە بازاڕ کرد. سەرەتا پێی وابوو دەزانێ لە کوێ مشک دەستدەکەوێ، بەڵام هەر کە گەیشتە ناو بازاڕ، تێگەیشت کە نەک تەنیا نازانێ، بەڵکو قەت قەتیش ئەمەی نەزانیبوو،... ئەسڵەن بەدرێژایی ژیانی بیری لێنەکردبووەوە، چ کاتی سیاسەت بازی و چ کاتی ئیستای. لەبەر دووکانێکدا راوەستا و ویستی بپرسێ. بەڵام خێرا پەشیمان بووەوە. نەکا خەڵک پێی پێبکەنن. بەپەلە دوورکەوتەوە.

ئەو رۆژە هەتا ئێوارە بە ناو بازاڕدا سووڕایەوە. جگە لە دووکانە هەمیشەییەکان بە شمەکە هەمیشەییەکانی نێوانیانەوە، چی تری نەبینی. پێکەنینێکی سەیر کتوپڕ دایگرت. پێکەنینێکی کەمێک شێتانە... "کێ مشک دەفرۆشێ،... کێ؟ ها ها ها..."

هاتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو شەوە زۆری بیرلێکردەوە. بەبزربوونی مشکەکان، سمێلی پشیلەکان تەنانەت بۆنی خاک و گیا و بایشیان نەدەدا. بگرە هەستی کرد روخساریان داهێزراوە و تەمێکی خەمگین خۆی بەسەر چاوە نازدارەکانیاندا کێشاوە. نا، دەبوایە چارەیەک ببینێتەوە،... چارەیەک،... بەڵام چۆن. لەبیری دێ لە کاتی قەیرانەکاند کاتێک سیاسەتباز بوو، خوتبەی بەهێزی و سەرنجڕاکێشیان دەدا، باسی ئەوەیکە هەندێ قۆناغ لەمێژوودا هەن کە گرینگترن لە خودی مرۆڤەکان، ئەوەندە گرینگتر کە هەمووان دەکرا لەپێناویدا قوربانی بکرێن، یان دەگەڕانەوە بۆ مێژوو و تێیدا پاڵەوانەکانیان دیسان دەردەکێشایەوە دەرەوە، ئەو پاڵەوانانەی کە هەمیشە دەیانتوانی بیانگەڕێننەوە و سەرلەنوێ ببنەوە بە بوونەوەرێکی زیندووی ناو خەڵک، ئەوەندە زیندوو، زیندووتر لە زیندووەکانی ئیستا، یانخود شەڕیان رێکدەخست و سوپا دەبوو بە تەنیا خانوویەک کە گەل دەیتوانی تیایا دابنیشێ و هەست بە متمانەی ژیان بکا.

بەڵام لەگەڵ پشیلەکانی دەیتوانی چی بکا؟... چی؟... خوتبەیان بۆ بدا،... پاڵەوانەکانیان بۆ بێنێتەوە، یان ئیعلامی شەڕبکا؟ پێکەنینی بەخۆی هات. ئەها! ئیستا هاتەوە بیری. چارەیەکی تر هەبوو، چارەیەکی سەردەمی کۆن. ئەویش برەوپێدانی قەڵەمڕەوی پشیلەکان بوو، رووخاندنی دیوارەکان و پێ زیادکردنی حەوشەی تر.  

 بەڵام دراوسێکان کێن؟ ئەو کە قەت بیری لەمە نەکردبووەوە و بەهۆی دیوارە بەرز و لووسەکانی دەوری حەشەکەی، هەر نەیشیدەزانی کێ لەوبەریانەوە دەژی، چوو پەیژەیەکی هێنا و بە دزییەوە کەوتە سەیرکردنیان. وای وای، چی بینی! رێک بە سێ دەوریدا سێ خانووی گەورەی وەک خانووەکەی خۆی، بە هەمان شێوازەوە،... کە زیاتر لێیان وردبووەوە بە هەمان ئەو پشیلانەوە کە لە ناو حەوشەکانیاندا تەراتێنیان بوو! چەند پلە لە پەیژەکە دابەزی و بەو بەرزاییەوە لەسەر پلەیەکیان دانیشت و کەوتە بیرکردنەوەوە. ئیستاکە دهاتەوە بیری کە گەڕەکی ئەو گەڕەکی سیاسەت بازەکانی وەڕەز لە سیاسەت و، پشیلەبازی ئەمڕۆکە بوو. چەند گەمژە بوو کە وەها راستییەکی گرینگی لەبیرچووبووەوە. رقی لە خۆی دەبێتەوە. ئەسڵەن لەبیری دێ جارانیش هەر وەها بوو. شتی زوو لەبیردەچووەوە و هەربۆیە بۆ ئەوەی وای پیشان بدا کە لەبیری نەچووەتەوە، چەند وەعدەیەکی تری بە دەهۆڵ و زووڕناوە دەدا. وەک بڵێی کە دانیشتووەو بیری لێکردووەتەوە و بەئەنجامی باشتر گەیشتووە! بزەیەکی دێتێ و سەرێ بادەدا.

ئەوسا چەند رۆژێكی نەخایاند کە ئەویش سەرەتاتکێی دراوسێکانی بەسەر دیوارەکەی خۆیەوە بینی! دراوسێ کەلە بۆز و خڕەکان، بەو چاویلکە زەڕڕەبینی و جامۆڵکەئاسایانەوە کە بۆنی ئارەق و جگەرەیان رۆژەڕێیەک دەڕۆیشت.

***

لە رۆژێکی گەرمی هاوینیدا چەند شۆڤڵێک هاتن و هەموو دیوارەکانیان تێکدا. لەو رۆژەوە چوار خاوەن پشیلە لەسەر کورسییە ئاسنینە ژەنگهەڵاتووەکانیان دادەنیشن و سەیری شەڕە پشیلە دەکەن. شەڕی سپییەکان لە دژی رەشەکان، رەشەکان لە دژی خۆڵەمێشییەکان، خۆڵەمێشییەکان لە دژی بەڵەکەکان و،... بە پێچەوانەوە، شەڕی بەڵەکەکان لە دژی سپییەکان و...،... بە گشتی شەڕی هەمووان لە دژی هەمووان.

ئەگەرچی حەوشەکە پڕ بووەتەوە لە مشک، بەڵام پشیلەکان وەها خوویان بە شەڕی ناوخۆیان گرتووە کە سەریان ناپژێتە سەر ئەوان. پشیلەکانیش وەک خاوەنەکانیان تەواو خوویان بە پشیلەبازیەوە گرتووە،... تەواو تەواو. ئەوان هەموو ئێوارەیەک بە جەستەی خوێناوییەوە روو لە ژوورەکانیان دەکەنەوە، تا سبەی بە زمانی خۆیان خوێنەکانیان دەلێسنەوە و دیسان بۆ شەڕی سبەی ئامادە دەبنەوە.

خاوەنەکانیان ئیستاکە بەجوانی دەزانن کە بەڕاستی هیچ شتێک بە قەدەر شەڕەپشیلە ناتوانێ جێگرەوەی سەردەمی سیاسەت بازی بێت،... هیچ شتێک لەم دونیا پان و بەرینەدا!

 Bilderesultat for sint katt