چیرۆک

بۆنی خۆڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 ئیستا دەزانێ لە کوێ دەستی پێکرد، دەبێ هەر لەو شوێنەیش بە کۆتایی بگەیەنێ. مرۆڤ سەرەتا لە شوێنێکی بچوک دەژی و خەونی گەورە دەبینێ، پاشان شوێنەکە بۆ گەیشتن بە خەونە گەورەکە جێدێڵێ، ئەوسا دەزانێ خەونی گەورەی بینیوە چونکە لەو شوێنە بچوکە ژیاوە. 

 

بۆنی خۆڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەرچی تەمەنی لە بیست لاینەدەدا، بەڵام هەستی دەکرد لەم ماوە کورتەی عومریدا یەکجار لە تەنیشت گۆڕەکاندا راوەستابوو.

 ئەمڕۆیش گۆڕێکی تر!

بە دەورەوە، ئاپۆرای خەڵکی. ئەوانەی پێشەوە کە زۆربەیان دەگریان لەگەڵ ئەوانەی وا کەمێک لە دوواوە راوەستابوون و غەمگینانە سەریان دەکێشا بزانن چ خەبەرە، هەموو تامەزرۆی دیتنی ئەو چاڵە قووڵە بوون وا بەڵێن بوو تەرمەکە لەخۆبگرێ و بیشارێتەوە،... بۆ هەمیشە. مەلایەک بە مێزەری سپی بە سەریەوە و کتێبێک بە دەستیەوە، ئەویش راوەستابوو و چاوەڕوان بوو.  بیری کردەوە بێگومان ئیستا لە دوواوەی ئەم خەڵکە لە ناو دارستانەکەدا کەسانێک هەن لێرە و لەوێ بە بێدەنگی و ئارامی دانیشتوون و رەنگە لە کاتێکدا بەردێک یان چیلکەیەکیان بە دەستەوەیە و لە خۆڵی بەردەمیان دەژەنن، بیرێکی قووڵ بردوونییەوە. سەری بەرزکردەوە. لە قووڵایی ئاسمانی خۆڵەمێشی، باڵندەیەک بەرزبەرز سوڕی دەخواردەوە و، دەفڕی. دوور دوور.

هەستی کرد ئەم ساڵانەی دووایی، رووداوەکان زۆر خێرا روویان دەدا. گەلێک خێراتر لە جاران. وەک بڵێی دەستێک هەبوو کە پاڵی بە هەموو شتێکەوە دەنا. دەستێکی زل و زەلامی ئەوەندە گەورە کە وێناکردنەکەی دژوار بوو، بەڵام هەبوو. ئەو دەستە نەیدەهێشت هیچ شتێک راوەستێ، یاخود بە ئاستەم و بە هێواشی بڕوات. هیچ شتێک چیتر بەڵێن نەبوو بە سوڕی ئاسایی خۆی بسوڕێتەوە. دەستەکە پەلەی بوو و، تەنیا بۆخۆیشی دەیزانی بۆ ئەوەندە پەلەیەتی. تەنیا شتێک ئەم دەیزانی ئەوە بوو کە ئەم خێرایی و پەلەپەلە، مەرگەکانی زۆر کردبوو،... یەکجار زۆرتر. کاتەکانی ژیان ببوون بە ساتەکانی بەڕێکردنی مردووەکان. مردن وەک هەیکەلێکی زەبەلاح، شوێن و کاتی لە بوونی سێبەرئاسا و سارد و پۆڵایینی خۆی پڕکردبوو. بوون ئاوسابوو.

لای ئەو ژیان بریتی بوو لە هێواشی و، مەرگیش، لە پەلە و لە خێرایی.

ئەوەی لە مردووەکان بەجێدەما چی بوو؟ لێوێکی تاڵی هەڵقرچاند و زۆر بە ئاسانی وێنەکە هاتە بەرچاوی: رەنگە سەعاتێک، کۆمەڵێک جل و بەرگ، گەر شانسی هەبایە چەند ئەسکناسێک، چەند کەس و کار، چەندین وێنەی رەش و سپی و رەنگاوڕەنگی رەنگ هەڵبزرکاو و،... سەرئەنجام ژوورێکی تەنیا. وێنای ژوورە تەنیاکە زیاتر لەوانی تر دایچڵەکاند. ژوورەکەی هێنایە بەرچاوی خۆی: دوو پەنجەرەی تەنیا کە ئیتر مردووەکە لێیەوە نەیدەڕوانییە دەرەوە، دیوارە کڕ و ماتەکان و ئەو بۆنەی کە بەجێمابوو، بۆنی جەستە و هەناسەی مردووەکە، کاتێک لە ژیاندا بوو.

چەندە غەمگین ژیانی دەهاتە بەرچاو. دەستەکە، ژیانی غەمگین تر دەکرد لەوەی کە هەبوو.

ئیتر لە لای ئەو، خەیاڵ و خەونەکە هەمیشەییەکەی، لەو کاتەوەی لێی ترازابوو و لێی دوورکەوتبووەوە، بەتاڵ لە مانا وەک گیای پاییزی سیس هەڵگەرابوو، ئەو خەیاڵەی وا بە حەق یان ناحەق ساڵانی ساڵ لەناو مێشکیدا تەراتێنی بوو. شتێک کە بۆخۆیشی نازانێ بۆ. خەیاڵی "دەرکەوتنی ماڵەوە لە سەر پێچی کۆڵانەکە". ئەو خەیاڵەی پڕ بوو لە دڵەڕاوکێ، خۆشیی پڕ لە تامەزرۆیی و،... سەرئەنجام ئازار. بێقەرارییەک کە هەموو ژیانی دەکا بەو ساتە و بەس. لای ئەو دەکرێ یەک چرکە و یەک ساتەوەخت مانای هەموو ژیان دیاری بکا.

وەک هەمیشە چاوەڕێی هاتنی دارمەیتەکە و تەرمەکە بوو. دەیزانی ئەوەندەی پێناچێ. جاری وایە درەنگ دەکەوێ، بەڵام هەر دەگا! هۆکارەکەی کەمتەرخەمی نیە، بەڵکو تەنیا وەهایە و بەس! نە کەس و کاری مردووەکە گلەیی لە مردووشۆرەکە دەکەن، نە مردووشۆرەکە بە جەستەی ساردی مردووەکە ئەوەندە هەستیارە کە بیەوێ زوو لێی قوتاربێ و، نە مجێورەکەیش ئەوەندە بۆ ژەمی خاوەن مردوو پەلەیەتی. هەموویان رێزی کات دەگرن. هەستدەکا لە هیچ شوێنێک بەقەدەر مزگەوت رێزی کات ناگیرێ. باشە بۆ لەوە پێش بیری لەمە نەکردبووە؟ لە مزگەوت وەک بڵێی هەموو شتێک رادەوەستێ. تەنیا شوێنی سەر رووی زەوی کە کات لەوێ ئۆقرە دەگرێ و دادەمرکێ. ئەو کە لە منداڵییەوە مزگەوت تەنیا ترسی پێبەخشیبوو، ئیستا بیری فەلسەفی تیادەجوڵلاند. بینایەکی خوڵقاوی دەستی مرۆڤ، رێک لەسەر زەوی خاکی، شوێنێک بۆ وێناکردنی رەوتێک کە لەخەیاڵ و لە بیردا قبوڵکردنەکەی موشکیلە، رەوتی "کۆتایی کات" یاخود "چەقینی کات". مزگەوت یارمەتی قبوڵکردنی دەدا. کاتێک سەیری منارە، حەوشە، حوجرە و کۆڵەکەکانی دەکەین، باوەڕدێنین کە کات لە ناویاندا بۆ هەمیشە ئۆقرە دەگرێ و دەبێ بە خشت و بەردیان. بەڵام نا، تەنانەت لەمەیش زیاتر،... مزگەوت خودی مردنی کاتە.

هەندێ بنەماڵە حەزدەکەن تەرمەکە بە پیادە بێنن. لەسەر شانەکانیان هەڵیبگرن و دوواسوڕی شەقام و کۆڵانەکانیان پێبدەن. هەندێکیش بە ماشین دەیانهێنن. شتێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ ئەمڕۆ تەرمەکە بە پیادە دێنن. درەنگ کەوتنەکە بەڵگەیەتی. چاوی لێیە، مەلا دانیشتووە و پاڵی بە داربەڕوویەکەوە داوە و باسی قیامەت بۆ ئەوانەی دەورووبەری دەکا. مەلا دەڵێ "خوای تەباڕەک و تەعالا مرۆڤی لە خاک دروستکرد چونکە خۆڵ تەنیا شتێکە نە دەڕزێ و نە بۆن دەگرێ. بەپێچەوانەوە بگرە رزیوەکانیش لەخۆدەگرێ و دەیانکاتەوە بە خۆی،... بە خاک. خاوێن خاوێن."

مشتێک لە خۆڵی بەردەمی هەڵدەگرێ و لێی رادەمێنێ. "بۆ ناکرێ پێش مردن هەموومان بەم خۆڵە خاوێن بینەوە؟" بیری بێ کەڵکیی خاوێنیی دووای مردن، ئازاری دەدا. مرۆڤ هەموو ژیانی بە هیوای خاوێنی دەژی و کەچی نایگاتێ. سەری رادەوەشێنێ. "باشە خاوێنی چییە؟" سەیری مشتەخۆڵەکە دەکاتەوە کە ئێستاکە لە نێوان پەنجەکانییەوە هەڵدەوەرێتە خوارەوە. "خاوێنی، بەخۆڵبوونی دووای مردنە!" بزەیەکی تاڵ لێوەکانی دەتەنێتەوە. کتوپڕ بیرێکی سەیر بە مێشکی دا دێ "نا! خاوێنی، ساتەوەختی پێچی سەرکۆڵانەکەیە." بیرەکە ئەوەندە هەژێنەرە کە رادەبێتە سەر قاچەکانی. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێ و لە دەورووبەری ورد دەبێتەوە. خەنی لەوەی مانای خۆشبەختی دۆزیوەتەوە و تەنیا ئەوە لەناو ئەم ئاپۆرایەدا خاوەن و هەڵگری وەها مانایەکی گرینگ و بێ وێنەیە، لەخۆ بێ خۆی دەکا. نازانێ سوپاسی مەلاکە بکا، یان خاک یا خەونەکەی خۆی. بەڵام نا، راستییەکەی ئەوە بوو کە بیرەکە لە ئاکامی وێککەوتنی بەڕێکەوتی ئەم سیانە دروست ببوو. "هە هە هە، هۆکار هەرچی بێ با ببێ!"

لەناکاو حەشیمەتەکە دەجوڵێ. هەموو سەیری خوارەوەی دارستانەکە دەکەن. ئەمیش لادەکاتەوە. ئەگەرچی دارەکان بەری دیمەنەکە دەگرن، بەڵام رەشایی حەشیمەتێک لە سنووری نێوان دارستان و دەرەوەی دارستان دەبینرێ، هەروەها ورتەورت و ئەو دەنگە تێکەڵاو و نادیارانەی کە پیشانی دەدەن مرۆڤ لە شوێنێک خەریکە بەرەو ئێرە دەجوڵێ،... گەلێک مرۆڤ. سەرئەنجام گەیشتن. ئاپۆرای دەوری گۆڕەکە کەمێک دەکشێتەوە. نیگاکان دەگوازرێنەوە. مەلا دەست لە قسەکردن بۆ ئەوانەی دەورووبەری هەڵدەگرێ. دەنگ، دارستان دەجوڵێنێ.

خەیاڵی ساتەوەختی پێچی سەرکۆڵانەکە دەیباتەوە. کۆڵانەکەی جوان لەبیرە. ئەگەر نەگۆڕابێ بە دەستی چەپدا دەرگایەکی لە دار و تەنەکە چێکراو و بە دەستی راستدا دەرگایەکی ئاسنینی رەنگ سەوز، کە لاولاوەکانی ژەنگیان هەڵێناوە. لەسەر بانی دەرگا تەنەکەکە هەمیشە پۆلێک کۆتری لێبوو. دەنگی گمەی کۆترە نێرەکان لە کاتی تێپەڕیندا دەهاتنە گوێ. ئاسمانی شین، بۆنی خاک، 'با' کە رێک لەوێدا لوولی دەخوارد و نەرمە تۆزێکی بەرپادەکرد، خوێندنی کەڵەشێرەکان کە بە سەر بانەکاندا تێدەپەڕی و سەرئەنجام هەناسەی دیوار کە لە بن میچەکاندا زەردەواڵەکان خۆیان تیا حەشاردەدا. بزەیەک گرتی. خۆی کەمێک کێشایەوە. بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە، ئەوێ جۆرێکی تر بوو. تام و بۆنێكی جیاواز و تایبەت. یەک کۆڵان، کەچی بزوێنەری سێ هەست و سێ خەیاڵ. لە بیری دێت کە هەمیشە بۆ وەسفکردنی ئەم سێ هەست و سێ خەیاڵە یەکجار کێشەی هەبوو. ئەسڵەن سیان بوون؟ نا، سیان نەبوون. بێ ئەژمار بوون. ئەوەندە بێ ئەژمار کە ناتوانێ وێنای بکات. کە لە سەر کۆڵانەکەیش بە ئاستەم دەترازا، ئەو سەر دەردەکەوت. خانووەکە! چوار پەنجەرە بە دەرگایەکەوە کە بە سەر کۆڵاندا دەیانڕوانی. گەشترین و جوانترین دیمەنی دونیا! پێی سەیرە، لای ئەو کە هەمیشە شتە هەر گەورەکانی دونیا سەرنجی راکێشابوون، کتوپڕ شتێکی ئەوەندە بچوک ببێتەوە بە خاوەن مانایەکی ئەوەندە گەورە. ئەو لە گەورەکانەوە بایدابووەوە سەر بچووکەکان. بەڵام،... بەڵام بچوک؟ هەڵوێستەی کرد. نا بە هیچ جۆرێک بچوک نەبوو. ئەو تەنیا سەردەمانێک لەبیری کردبوو و بەس. ئەگینا قەت بچوک نەبووە. مەگەر دەکرێ شوێنێک کە لێی دەپشکوێی بچوک بێت؟ بەم فکرانەوە کەمێک ئارام بووەوە. ئیستا دەزانێ کە خەیاڵ دەتوانێ زۆر شت بە ناحەق بسڕێتەوە، ئەگەرچی لەراستیدا ناسڕێنەوە و رۆژێک لە رۆژەکان دەگەڕێنەوە. ئیستا دەزانێ مرۆڤ بریتییە لەو کاتەوەی لە دایک دەبێ هەتا ئەو کاتەی گەردوون جێ دێڵێ. نێوان ئەم دوو جەمسەرەیە، بە چاک و بە خراپ، دەبێ بە تۆ بە من و بە ئەو.

حەشیمەتەکە نزیکتر دەکەوێتەوە. دارمەیتەکە بێ ئۆقرە بەسەر سەرانەوە هەڵبەزدابەزیەتی. سەرەوژووری و بەرز و نزمیی رێگا جاری وایە وەک پاپۆڕی ناو دەریای تۆفانی لێدەکا. جەماعەتێک لێرەوە بەرەوپیری حەشیمەتەکە دادەگەڕێن. شەڕی وەرگرتنی خێریانە. گەر ئەوانیش بتوانن چەند هەنگاوێک مەیتەکە هەڵبگرن، ئەوا هەنگاوێک لە رەحمی خودا و لە بەهەشت نزیکتر دەبنەوە.

گەر ئەمجارە لەم گۆڕە نەجاتی بێت، بێگومان دەزانێ دەبێ چی بکا. ئەگەرچی بیرەکە بە تەواوی لە مێشکیدا گەڵاڵە نەکراوە، بەڵام دڵنیایە لەوەی هەر لێرە لێبووەوە، ئەوا بەرنامەکە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە دێنە بەرچاوی. ئیستا دەزانێ کە گەورەترین خەونەکانی جیهانیش بە بێ کۆڵانەکە و بە بێ ئەو خانووە چەند بێ مانان. ئیستا دەزانێ لە کوێ دەستی پێکرد، دەبێ هەر لەو شوێنەیش بە کۆتایی بگەیەنێ. مرۆڤ سەرەتا لە شوێنێکی بچوک دەژی و خەونی گەورە دەبینێ، پاشان شوێنەکە بۆ گەیشتن بە خەونە گەورەکە جێدێڵێ، ئەوسا دەزانێ خەونی گەورەی بینیوە چونکە لەو شوێنە بچوکە ژیاوە.

ئاپۆراکە گەیشتووەتە سەر گۆڕەکە. دەنگی هەنسکە هەنسک و هاوارکردنەکان لە ناو درەختەکاندا پەنگدەخواتەوە. خەڵکەکە بە پشتوێن، بە پەڕۆ و دەستماڵ ئارەقەی ناوچاوان و دەوری ملیان دەسڕن. جگە لەو چەندین کەسەی بە دەوری دارمەیتەکەوەن، جەماعەت بە شوێن سێبەری درەختەکاندا پرش و بڵاو دەبنەوە. سەیری کاتژمێرەکەی دەکا. سەعات چواری دووانیوەڕۆیە.

ئەم کە قەت حەزی نەکردووە لە کاتی ناشتنی تەرمەکاندا لە نزیک گۆڕەکە بێت، ئەمجارە را دەگۆڕێ و هەڵدەستێ و حەشیمەتەکە دڕپێدەدا و جێگای خۆی لە نزیکترین شوێندا دەکاتەوە. قەیچێکە! گەر قەرارە ئەمە دوواجار بێت، با بۆ جارێکیش بێت لە نزیکەوە شتەکە ببینێت. خەیاڵ و وێنای پێچی سەرکۆڵانەکە ئەوەندە لە زەین و دەروونیدا بەهێز و زیندووە کە هەموو شتێکی تر کتوپڕ بێ مانا دەبێ. مەلا لە خەڵکەکە داوا دەکا بکشێنەوەو زیاتر دەرفەت بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنن کە دەبێ مەیتەکە بنێژن. لەم هەراهەرایەدا چەند درشتەکلو تلۆردەبنەوە ناو گۆڕەکە. ئاگای لێیە، مێروولەکان لە خۆشیی خاکی تازە وەرددراو، شێتانە دێن و دەچن. لای مێروولەکان هەموو شتێ چەند سروشت ئاسایە.

بەڵام راوەستن! ئەوە چییە لە دارمەیتەکە دەریدێنن؟ ئەوە چییە نە کفنی هەیە و نە وەک مرۆڤی بێ گیان راکشاوە؟ باوەڕناکا. مەلا هاواردەکا کە هەموو شتێ لەم دونیایەدا دەمرێ،... هەموو شتێ. دەڵێ کە تەنیا خودا دەمێنێتەوە و بەس، تەنیا ئەو ئەزەلی و ئەبەدییە! مەلا هاواردەکا کە مرۆڤ نابێ لە مردن سەری سوڕبمێنێ و بسڵەمێتەوە، چونکە هیچ شتێک بەقەدەر مردن حەق نیە!

ئەم باوەڕناکا،... باوەڕناکا لە دووای ئەو هەموو ساڵە لێرە و بەم شێوەیە ئەوێ ببینێتەوە. ئەوێیەک وەک خۆی. بە بێ هیچ گۆڕانێک. باشە لەکەیەوە ئەمە بووە بە رەسم کە هەموو شتێ بنێژرێ؟ مەگەر بەڵێن نەبوو تەنیا مرۆڤ بمرێ و بنێژرێ؟ مەگەر بەڵێن نەبوو ئەو شوێنانە بمێننەوە؟

باوەڕناکا. مەلا بەدەست نەفەرێک لادەدا. لەناو خەڵکەکەدا کەس ناگری. تەنیا تەرمی دونیا، کە نە برای هەیە، نە خوشک، نە دایک و باوک و نە هیچ کەس وکارێک. تەنانەت کەسەکانی ناو خانووی پشت دەرگا تەنەکەکە و دەرگا ئاسنینەکەیش کە رێک لەسەر لێواری قەبرەکە راوەستاون، ناگرین. هەمووان تەنیا بێدەنگن، بەو دەستانەوە شۆڕشۆڕ بە لاشانیانەوە بەربوونەتەوە. هەموو لێرەن بۆ ئەوەی نەڵێن تەرمێک بە بێ رێز و بە تەنیایی نێژرا. لێرەن تەنیا بۆ ئەوەی ئەرکێکیان بەجێ هێنابێ. بۆ ئەوەی تاوانێک لەخۆیان دووربخەنەوە و بەس. هەر ئەوەندە.

تەرمی 'پێچی سەرکۆڵانەکە' بە ئارامی خزێنرایە ناو گۆڕەکەوە. دووکەڵی تووتن و پەڕەی گۆڕهەڵکەنەکە لەناو چاڵەکەوە بەرەو حەوا پێچ و لوول دەخوا. هاواردەکا کە بە ئارامی راپێچی خوارەوەی بکەن،... زۆر بە ئارامی.

ئەم سەرهەڵدێنێ و سەیری رووبەڕووی خۆی دەکا. هەتا چاو کار دەکا سروشتە راکشاوە. دەنگێک کە رەنگە لە کەسێکی پشت سەرییەوە بێت، دەڵێ خۆشی لەخۆم کە کۆڵانم تەنیا بۆ میزکردن دەویست! باڵندەکەیش لە قووڵایی ئاسمان ون بووە.

دیمەنی خانووەکە کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە. هەمیشە وەها بووە. کە شوێنێک نەمینێ لێیەوە بڕوانی، وەها دەبێ.

 

کتوپڕ هەموو شتێ چەند بۆنی خۆڵ دەگرێ، بۆنی خۆڵ  دەبێ بە تەنیا بۆنی دونیا،... بە هەموو شتێک!

Image result for art